تراكتۆرێك بۆ هەمیشە ئەكرەمی لە دایكی دابڕی و ناسنامەی تاقانەی كیمیابارانی پێبەخشی

هەڵەبجە

كاتێك دراوسێكەیان بە تراكتۆرەكەیەوە دەگەڕا و هاوری دەكرد كێ دێت لە هەڵەبجە دەرچین، دایكی دەیخاتە ناو تراكتۆرەكەوە و ئەوەش دەبێت بە سەرەتای دابڕانی ئەكرەم و دایكی و كۆتا دیداری ئەو كوڕ و دایكە، ئەكرەم ٣٥ ساڵە وێنەی كۆتا دیداری خۆی و دایكی لەیاد نەچووە و لەگەڵیدا دەژیت و ئێستا یەكێكە لە تاقانەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە.

لەگەڵ هاتنی مانگی ئاداردا و یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، برینەكانی ئەو شارە دیسانەوە نوێ دەبنەوە، لەلایەك چیرۆكی تراژیدی نوێ ئاشكرا دەبێت و لەلایەكی ترەوە بێ باكی دەسەڵاتی هەرێم بەرامبەر ئەو كارەساتە و قوربانییەكانی و دانیشتوانی ئەو سنورەی كیمیاباران كراوە.

ئەكرەم بارام، لەدایكبویی ساڵی ١٩٨٠ یەو یەكێكە لە تاقانەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە و جگە لە شەهیدبوونی دایك و باوكی، بنەماڵەكەشی خاوەنی هەشت شەهیدن.

ئەو مشتێكە لە خەرمانی چیرۆكە تراژیدییەكانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و لەبارەی چیرۆكی ژیانیەوە دەڵێت: لەكاتی كیمیابارانكردنەكە خاوەنی تراكتۆرێك، كە دراوسێی ماڵی باپیرم دەبێت، هاوار دەكات كێ دێت بۆ زەڕایەن و سەیدسادق بابێت لە گەڵمان بڕۆین هەڵەبجە جێبێڵین، دایكم من و خاڵم دەخاتەوە ناو تراكتۆرەكەوە، ئێمە دەڕۆین و دایكم و كەسوكارم بەر كیمیاییەكە دەكەون و شەهید دەبن.

ئاوڕنەدانەوەی حكومەت لە هەڵەبجە و قوربانیانی كیمیابارانەكە هێندەی دابڕانی لە دایكی، ئەكرەمی نیگەران كردووە و وتی: خزمەتكردنەكەی لەلایەن حكومەت و بەرپرسانەوە بەشێوەیەك نەبووە، جێگەیی دڵخۆشی بێت بۆ خەڵكی شارەكە.

“زۆربەیی كات لە ١٦ی ئادار دەچمە دەرەوە بەشداری یادەكە ناكەم، لەبەر ئەوەی لەو ڕۆژەیا ئەو كارەساتە گەورەیە بەسەر شارەكەدا هاتووە هەستم ناخۆشە، هەروەها ئەو بەڵێنانەی حكومەت بەشارەكەیی دەدات جێبەجێناكرێت وەك پێویست ئاوڕی لێناداتەوە” ئەكرەم بارام وای وت.

بە گرنگی دەزانێت، ساڵانە یادی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە بكرێتەوە و دەڵێت: یادكردنەوەكە شتێكی مێژوویە بۆ نەوەكانی داهاتوو دەمێنێتەوە گرنگە بكرێتەوە، بەڵام لەم چەند ساڵانەدا بەهۆی كەمتەرخەمیەكانی حكومەت یادەكان بەرەو كاڵبونەوە دەڕوات.

س.س

Comments are closed.